حکومەتی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە
ئامادە دەکات دەیخاتە بەردەم پەرلەمان، و پاش دڵنیابوون لە چەکدانانی پەکەکە
دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی هەواڵێکی "بی بی سی تورکی"، حکومەتی تورکیا ئامادەکاری بۆ هەنگاوێکی
نوێی پرۆسەی ئاشتی دەکات و بڕیارە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا پڕۆژەیاسایەکی
چوارچێوە بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە پێشکەشی پەرلەمان بکات.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاساکە لە ١٠ بۆ ١١ بڕگە پێکبێت، بڕیاریشە دوای لووتکەی
ناتۆ لە ٧ و ٨ی تەممووز بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێش وەرزی پشووی هاوینە
پەسەند بکرێت.
هەواڵەکە باس لەوەدەکات جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بە مەرجێکی سەرەکی بەستراوەتەوە،
ئەویش پشتڕاستکردنەوە و دڵنیابوونەوەیە لە چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە.
لە ناوەڕۆکی یاساکەدا
هاتووە ماوەی یەک ساڵ بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەو
کەسانەی دەگەڕێنەوە و دەستیان لە تاواندا نەبووە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە کاری سیاسی
قەدەغە دەکرێن. هەروەها باس لەوە کراوە لەم قۆناغەدا ئاسانکارییەکان تەنیا ئەندامانی
ئاسایی دەگرێتەوە و سەرکردەکانی پەکەکە لەم چوارچێوەیە بەدەر دەبن.
لەبارەی پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە؛ حکومەتی تورکیا
پێدانی هەر پێگەیەکی فەرمی یان سیاسی رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە ئۆجەلان وەک
سزادراوێک لە زیندانی ئیمراڵی دەمێنێتەوە، بەڵام رەنگە رێگە بە رۆژنامەنووسان و ئەکادیمییەکان
بدرێت چاویان پێی بکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک
نیشانەی پاشەکشە و چۆڵکردنی ناوچەکان لەلایەن گەریلاوە لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا،
گارا و قەندیل بینراوە، بەڵام ئاکپارتی پێی وایە ئەم هەنگاوانە هێشتا نەگەیشتوونەتە
ئاستێکی دڵخۆشکەر و چاوەڕێی کرداری رژدتر دەکەن پێش چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە.
پڕۆژەیاساکە بە جۆرێک داڕێژراوە ئەگەر بارودۆخی ناوچەکە گونجاو بێت، تاوەکو کۆتایی
مانگی تەممووز لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی
(مەهەپە) بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی
تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت. ئەمەش بووە سەرەتای گەڕێکی نوێ لە
دانوستانەکان و کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئاشتی.
دواتر لە سەرەتای
ساڵی ٢٠٢٥، ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان
و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد. وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی
ئۆجەلان، لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ناوچەی شارباژێڕی سەر
بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و وازیان لە شەڕ هێنا.
لە ئێستاشدا، پەرلەمانی
تورکیا لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە کار لەسەر داڕشتنی یاسایەک دەکات بۆ رێکخستنی
چۆنیەتیی چەکدانانی پەکەکە و گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ نێو ژیانی مەدەنی، هاوکات پرۆسەکە
رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەیدا.