دەستەی دەسپاکی عێراق بە هاوکاری ئاسایشی نیشتمانی، دەستگیركردنی تۆڕێکی گەندەڵی
لە بازگەی گومرگی "چیمەن" لە کەرکوک ڕاگەیاند، كە پێکهاتبون لە شەش فەرمانبەر.
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، کە توانیویانە تۆڕێکی فەرمانبەران لە
یەکێک لە مەرزە گومرگییەکانی پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، کە تێوەگلابون لە وەرگرتنی
بەرتیل و سەرانەوەرگرتن لە هاوڵاتییان و خاوەن مامەڵەکان لە بەرامبەر ڕاییکردنی
کارەکانیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دەستەکە، تیمێکی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک بە هەماهەنگی
لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەپێی فەرمانی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان ئەنجامداوە.
دوای بەدواداچون و چاودێرییەکی ورد، توانرا (شەش) فەرمانبەر لە مەرزی گومرگی
"چیمەن" لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا و لەو کاتەی خەریکی وەرگرتنی پارەی
بەرتیل بون لە دەستبڕێکی گومرگی، دەستگیر بکرێن.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەش کردوە، کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕێگەی کەمینێکی
توندوتۆڵەوە بوە و لە کاتی پشکنینەکاندا بڕە پارەی وەرگیراو وەک بەرتیل لای تۆمەتباران
دۆزراوەتەوە. هاوکات لێکۆڵینەوە و پشکنین لە چەند بەش و یەکەیەکی ناو مەرزەکە ئەنجامدراوە.
لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ تۆمەتباران ڕێکخراوە و ڕەوانەی لای دادوەری
لێکۆڵینەوە کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
بازگەی چیمەن خاڵێکی گومرگی و ئەمنی ستراتیژییە لە پارێزگای کەرکوک و دەکەوێتە
سەر ڕێگای سەرەکی نێوان کەرکوک و سلێمانی، کە وەک دەوازەیەکی سەرەکی بۆ ڕێکخستنی
کاروباری بازرگانی و وەرگرتنی باجی گومرگی لەو کاڵایانە کار دەکات کە لە هەرێمی
کوردستانەوە بەرەو ناوەڕاست و باشوری عێراق دەچن.