بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاووڵاتییانی شاری سلێمانی،
بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکارییە بۆ دوورخستنەوە و گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی
بەرامبەر عەبدولەتیف سەلەفی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی
ئەنجام بدەن.
لە بانگەوازێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی حوزەیران لەلایەن ڕێکخەرانی
خۆپیشاندانەکەوە بڵاوکراوەتەوە، داوا لە سەرجەم هاوڵاتییان کراوە بەشداری لەم
چالاکییە مەدەنییەدا بکەن. لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەبەست لەم هەنگاوە،
"پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و سەلامەتی خێزان و منداڵەکانە". بڕیارە
گردبوونەوەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی سبەی دەست پێبکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو کەسەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی
(یاخی کوردی) خۆی ناساندووە و وەک سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان دەردەکەوێت، پەیامێکی
ئاراستەی دانیشتووانی سلێمانی کردووە و هانیان دەدات بۆ بەشداریکردنێکی بەرفراوان
لەو گردبوونەوەیەدا، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەنن.
سەبارەت بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانیش، سەرچاوە میدیاییەکان بڵاویانکردووەتەوە
کە ئەو کچەی باس لەوە دەکرێت دەنگی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا تۆمارکراوە، ئامادەی بەردەم
لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لەبەردەم لیژنەکەدا پشتڕاستی
کردووەتەوە کە دەنگەکە هی خۆیەتی و ڕاستی بەڵگەکانیشی سەلماندووە.
لە ئێستاشدا، دۆسیەی ناوبراو بە فەرمی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند
لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، و چاوەڕوان
دەکرێت پاش تەواوبوونی کارەکانیان، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدرێت و ئەنجامەکان
ڕابگەیەندرێن.