وتەبێژی حکومەت بە میدیاکانی ڕاگەیاند'' بڕیاری پێشووی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغدا، هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە.''
پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە و لێکتێگەیشتنی باشیش لەو بارەیەوە هەیە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، ڕوونی کردەوە کە هیچ کێشەیەک لەبارەی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بوونی نییە، و زۆرجار دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی دەروازە سنوورییەکان، ڕایگەیاند'' هەولێر و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" نزیکن لە ڕێککەوتن، و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئەم سیستەمە نوێیە چوار مانگی پێویستە.''
ئاشکراشی کرد کە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو، ٢٩ی حوزەیران، شاندێکی حکومەتی هەرێم بگاتە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، و لە ئێستاشدا هیچ ئاستەنگێک لەسەر داهاتی دەروازەکان نەماوە.
لە کۆتاییدا ئەوەشی بۆ میدیاکان خستەڕوو کە داوایان کردووە لەو ماوە چوار مانگەی جێگیرکردنی سیستەمەکەدا، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانان دەست پێبکاتەوە، و ئەو بازگانەی لە نێوان شارەکاندا دانراون و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم بازرگانان، بە تەواوی هەڵبگیرێن.