ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسندکرد و کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەتی بە ٥٠٠ هەزار دینار جێگیر کرد.
چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، لە بڕگەی دووەمی کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لە بارەی پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران کرا، دوای خستنەڕووی راپۆرتێک لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بە "کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار بێت".
لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەشدا پرسی یەکخستنی سیستەمی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا تاووتوێ کرا، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە دەربڕی کە لە ١٨ ی ئەم مانگە لە بەغدا واژۆ کراون.
بەپێی ئامارەکان، ئێستا ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەرکراون گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢٠ هەزار کرێکار و ٦٤ هەزار پڕۆژەش لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون.