مامۆستای زانکۆ و رێبەری سەلەفییەکان، عەبدولەتیف ئەحمەد (عەبدولەتیف سەلەفی)، ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە دوورخستنەوەی لە زانکۆ دەکەن و دەڵێت "سەرلەبەری ئەو قسانە درۆن و تەنیا بۆ زیادکردنی ئەکتیڤە".
عەبدولەتیف ئەحمەد، شەوی چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوێکدا بە ناونیشانی "پەیامی متمانە بەخوابوون و خۆڕاگری" و رایگەیاند "سەرجەم ئەو هەواڵانە رەت دەکەمەوە کە گوایە لە کارەکەم دوورخراومەتەوە، سەرلەبەری درۆن و تەنیا بازرگانییە بە ترێندەکانەوە و زیادکردنی ئەکتیڤە، بەردەوام دەبم لە بانگەوازیکردن".
عەبدولەتیف ئەحمەد وتوشیەتی "سوپاسی هەموو ئەو موسڵمانانە دەکەم کە خۆڕاگر بوون و نەکەوتنە دوای فیتنەگێڕان، زیاتریش ئەوانەی دۆعای خێر و قسەی خێریان کرد، دڵنیایی دەدەم کە بەردەوام دەبم لەسەر بانگەوازیکردن و پێگەی من لەلای خوایە نەک لای ناحەزانم، یەقینیشم هەیە کە خوای گەورە حەقمان دەسەنێتەوە".
بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەی عەبدولەتیف ئەحمەد لە کاتێکدایە، چوار شەممە زانکۆی سلێمانی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر دۆسیەکەی راگەیاند و ئاشکرایکرد دۆسیەکەی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە.