لە گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکوک، بەهۆی کێشەی زەویەوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان دوو خێزان دروستبوو، کەسێک کوژرا و برایەکیشی بریندار بووە.
رووداوەکە ئێوارەی چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، رویداوە، گەرمیان قادر، کوڕی کوژراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند "باوکم و مامم زەوییەکیان لەو گەڕەکە کڕیوە، بەڵام چەند کەسێک کە گرووپێکی مافیایین هاتوون و ویستوویانە زەوییەکە داگیر بکەن، کاتێک باوکم و مامم بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆیان هاتوونەتە دەنگ، تەقەیان لێکراوە".
پۆلیسی کەرکوک ئاشکرای کردوە کە دوای رووداوەکە هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ٢ کەس لە لایەنی تەقەکەر دەستگیر بکەن، "لێکۆڵینەوەی ورد" لەسەر چۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکان کوژراوەکە ناوی قادر مەعروفە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ـە خاوەن پێداویستی تایبەت بوە و ١٣ گولەی بەرکەوتوە.