فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە کۆبونەوەیان لەگەڵ فەرماندەیی سوپای تورکیا لە زاخۆ و باس لەوە دەکەن ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بەمەبەستی "بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات" بووە.
پێنج شەممە، ٢٥ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولیی کرایەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری دەستبەجێ بۆ هەر کێشەیەکی سنووری کە بێتە پێشەوە".
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق جەختی لەوەشکردوەتەوە کە "ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبنە هۆی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی هاوئاهەنگیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکاندا".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە بارەی کۆبونەوەکەوە وتویەتی "لە پلانماندایە لە ناوچە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا چەندین بنکەی دیکە دروست بکەین، بەمەبەستی تووندوتۆڵکردنی زیاتری ئەو سنوورانە".
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکەم کە بەرپرسە لە پاراستنی سنووری نێوان عێراق و تورکیاو فەرماندەی فیرقەی ٢٣ی سوپای تورکیا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری فەرماندەییەکە بۆ کاروباری سیاسی بەشدار بوون.