هاوپەیمانیی عەزم، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە دەستگیرکردنی موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و سەرکردەکانی دەربڕی و ڕایگەیاند کە بەدواداچوونی ورد بۆ دواین ڕێکارە یاساییەکان دەکەن.
هاوپەیمانییەکە وێڕای دەربڕینی ڕێز و متمانەی تەواوی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، جەختی لە گرنگیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا لە چوارچێوەی گەرەنتییە دەستووری و یاساییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە دادپەروەری مسۆگەر بێت و مافی سەرجەم لایەنەکان بپارێزرێت.
هاوکات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو دەرخستنی ڕاستییەکان، و دادگای بە پارێزەری سەرەکیی پرۆسەی سیاسی وڵات دانا.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی عەزم داوای لە هێزە سیاسییەکان، میدیاکان و ڕای گشتی کرد کە لە پێشوەختە بڕیاردان لەسەر ئەم ڕێکارە دادوەرییانە یان بەکارهێنانیان لە ململانێ و کێبڕکێی سیاسی و میدیاییدا دوور بکەونەوە.
داواشی کرد پرەنسیپە دەستوورییەکان ڕەچاو بکرێن کە تێیدا "تۆمەتبار بێتاوانە تا تاوانەکەی بەسەردا دەسەلمێنرێت" بۆ ئەوەی شکۆی دەوڵەت و متمانەی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
هاوپەیمانیی عەزم داکۆکی لە مێژووی سیاسی سەرۆکەکەی دەکات و دەڵێت'' موسەنا سامەڕایی بە درێژایی کاری سیاسی خۆی، بە هەڵوێستە نیشتمانی و میانڕەوەکانی ناسراوە و هەمیشە گوتاری دابەشبوون و تایفەگەریی ڕەتکردووەتەوە."
جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانییەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا هەمیشە بەشێک بووە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سیاسی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا.