دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاڕاستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە، داوا دەکەن هاوشێوەی بەغدا، هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسە گەندەڵەکانی هەرێمیش دەستپێبکات.
لە پەیامەکەیاندا کە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی ١٤ ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ناوی پاشەکەوت، لێبڕین، خۆگونجاندن، دابەشنەکردنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە، دەیان تریلیۆن دیناری مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان بردووە و تا ئێستاش ئامادە نین بۆیانی بگەڕێننەوە.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن کە وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وڵاتدا بێتە دەنگ و ڕایدەگەیەنن'' داواکارین سەرجەم ئەو نابەرپرسانەی ڕۆڵیان لە پاشەکەوتکردن و نەدان و لێبڕینی مووچەدا هەبووە دەستگیربکەن و ڕادەستی دادگایەکی دادپەروەریان بکەن، هاوکات دەستبگیرێت بەسەر سەرجەم ماڵ و موڵکی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا و مافی فەرمانبەرانی هەرێم لەو پارانە بگەڕێنرێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، دەستەی ناڕازییەکان جەختیان کردووەتەوە کە چاوەڕێی بڕیاری بوێرانە و هەڵمەتی یەکلاکەرەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و لێپرسینەوە لە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.