وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان گەیشتە دیمەشق

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان گەیشتە دیمەشق. لەم سەردانەدا، عێراق و سوریا باس لە چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی ئالەنگارییەكانی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەقامگیریی ئیقلیمی دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردو وڵات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ دوشەممە لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا گەیشتە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە. ئەم سەردانە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە لە میانی سەردانەکەیدا، فوئاد حوسێن زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا ئەنجام بدات. تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیش بریتین لە پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکانی وەک سیاسی، ئەمنی، ئابوری و بازرگانی، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو گەلی عێراق و سوریا بکات.

جگە لە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، هەردولا باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەن. هەروەها جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکرێتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و برەودان بە هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکان. ئەوەش بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.




PM:01:02:29/06/2026