دەستەی دەستپاکی عێراق هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی کارمەندانی گومرگی لە پارێزگای کەرکوک ڕاگەیاند، کە لە بازگەیەکی سەرەکی جێگیربوون و تۆمەتبارن بە وەرگرتنی بەرتیل و پارەی نایاسایی لە هاووڵاتیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، تیمێکی تایبەت لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک، بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگاکە و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە؛ لە ئەنجامدا شەش کارمەندیان لە بازگەی گومرگی "چیمەن" دەستگیرکردووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم کارمەندانە تۆڕێکیان پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتیان و شۆفێران، لە بەرامبەر ئەنجامدان، ئاسانکاری و ڕاییبردی مامەڵە گومرگییەکانیاندا، لە ئێستاشدا دۆسیەکەیان ڕادەستی دادگا کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.