بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند، کە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، کاری بۆ "چاککردنەوەی تەڵاق" لە نێوان هاوسەراندا کردووە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەری دادگای باری کەسایەتیی کەلار بووە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە بەدەر لە ڕێکارە شەرعی و بنەما یاساییەکان، فێڵی لە هاووڵاتیان کردووە و لە بەرامبەر چاککردنەوەی تەڵاقدا بڕێک پارەی لێ سەندوون.
تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، کارمەندی گرێبەستە لە فەرمانگەی ئەوقافی گەرمیان، و ئەو سیفەتەی بۆ ڕاییكردنی کارە نایاساییەکانی بەکارهێناوە.
لەسەر فەرمانی دادوەر، دۆسیەی تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (٤٥٦) لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە تاوانەکانی فێڵکردن و خەڵەتاندن) ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار کراوە؛ لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەی قووڵ.