وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی پەرتووکی کار و چالاکییەکانیدا، داتا و وردەکاریی داهاتی باجی لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاکان ڕاگەیاند.
بەپێی داتاکانی وەزارەت، کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ٥ تریلیۆن و ٤١٥ ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار بووە.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە پارێزگای هەولێر بەهۆی پایتەختبوونی و بوونی زۆرترین کۆمپانیای گەورە و جووڵەی بازرگانی، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە بەرزترین ڕێژەی داهاتی باجی تۆمارکردووە.
وەزارەتی دارایی ڕوونیشیکردەوە کە لە پێناو ڕێکخستنی باج، نەهێشتنی خۆدزینەوەی دارایی و پێداچوونەوە بە قەرزەکاندا، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا چەندین چاکسازیی گرنگیان ئەنجامداوە، لەوانە: بەدیجیتاڵکردنی کاروباری باج بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕێکخستنەوەی باج لە خاڵە سنوورییەکان، پۆلێنکردنی کۆمپانیا گەورەکان، و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجی زەویی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.