وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' ئەو هەنگاوانەی لە وەزارەتەکەیان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەنرێن، دەستکەوتی مێژوویی و گەورەن و توانیویانە ٩٥٪ی پرۆسەی چاکسازی بەدەستبهێنن.''
شۆڕش ئیسماعیل، لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی یەکەمین خولی هاوبەشی دەڤەری یەک و دووی هێزی پێشمەرگەدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکان کرد و وتی'' ئەگەر بەراوردی ئەم هێزە بکەین لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەوە تا ئێستا، دەبینین دوو دونیای تەواو جیاوازن؛ ئێستا پێشمەرگە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە فەرماندەیی دەکرێت و دوو دەڤەرەکە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەرکان و دەزگاکانی تری وەزارەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن."
شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەش کرد کە ئەم پێشکەوتنە بەو مانایە نییە کە هیچ گرفتێک نەماوە، بەڵام دیوە جوانەکەی یەکخستنەوەی هێزەکان بۆ خۆی دەستکەوتێکی گرنگە.
سەبارەت بە داهاتووش، ڕوونیکردەوە کە تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دروستیان کردووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوام دەبێت.