لقی ڕاپەڕینی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا چارەنووسی ڕۆژنامەنووس (عەبدولڕەحمان خدر حەمەد)ی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند'' لە ڕێگەی دەزگای میدیایی "ستاندارد"ـەوە لە دەستگیرکردنی ناوبراو ئاگادار کراونەتەوە.''
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی سەندیکا، عەبدولڕەحمان خدر کە پەیامنێری پێشوو و ئەندامی ئێستای دەزگای میدیایی ستانداردە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کاتێکدا لە گەشتێکی ئاساییدا بووە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری قەزای سۆران، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و یاسایی ناوبراو، سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەکەیان، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نییە.
لە کۆتاییدا، لقی ڕاپەڕینی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەختی کردووەتەوە کە بە بەرپرسیارێتییەکی پیشەییەوە دەستیان بە بەدواداچوونی چڕ لەگەڵ لایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەکاندا کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری دەستگیرکردنەکە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە.