نوسینگەکانی ڕاپەڕین و
سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر گرتنی
رۆژنامەنوس عەبدولڕەحمان خدر حەمەد رایدەگەیەنن کە ناوبراو بە هۆی کەیسێکی کۆنەوە لە
شاری هەولێر دەستگیرکراوە.
لە روونکردنەوەکەدا
هاتووە "دوای دەستگیرکردنی هاوکارمان، ڕۆژنامەنووس (عەبدولڕەحمان خدر حەمەد)
ــ کە پەیامنێری پێشوو و ئەندامی ئێستای دەزگاکەیە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە
ــ دەستبەجێ بەدواداچوونی چڕ و جدیمان بۆ زانینی چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردنی دەستیپێکرد. دوای بەدواداچوونەکانمان، بۆ ڕای گشتی و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ڕادەگەیەنین
کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم هاوکارەمان پەیوەندی بە کەیسێکی کۆنەوە هەبووە لە شاری
هەولێر."
هەروەها هاتووە "هەرچەندە
پێشتر ئەو کەیسە لەلایەن دادگاوە داخرابوو، بەڵام بەهۆی نەناردنی نووسراوی فەرمی لە
دادگاوە بۆ بازگەکان و هێزە ئەمنییەکان، ناوبراو لە کاتی گەشتێکی ئاساییدا لە
سنووری قەزای سۆران لەسەر هەمان نووسراوی پێشوو ڕاگیراوە".
روونکردنەوەکە ئاماژە
بەوەش دەکات کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان، نووسینگەکانی ئێمەیان دڵنیاکردووەتەوە
کە سبەینێ هاوکارمان دەبرێتە بەردەم دادگا تاوەکو ڕێکارە یاسایی و شکلییەکان جێبەجێ
بکرێن و بە تەواوی کەیسەکەی دابخرێ و ئازاد بکرێ."