ئیرنا: لە شەڕێکدا دوو ئەندامی خۆجێی سوپای پاسداران کوژران

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) رایگەیاندوە کە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکدا لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ئەندامی خۆجێی سوپای پاسداران کوژراون و دوانی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پارێزگای کرماشان، کە ڕۆژی سێشەممە لە ئاژانسی ئیرنا بڵاوکراوەتەوە، ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی حوزەیران ڕوویداوە.

لەم پەیوەندەدا هەریەک لە گروپی (خۆری هیوا) و (گەنجانی نیشتیمانپەروەری کوردستان) بەجیا بەرپرسیارێتی ئەم چالاکییەیان گرتوەتە ئەستۆ.

دوێنێ دووشەممە لە راگەیەنراوێک بە ناوی (خۆری هیوا) بڵاوکرایەوە کە "دوو بەکرێگیراوی رژێمی ئێران بەناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی لە دۆڵی میرئاوای پاوەیان کوشتووە، هاوکات دوو بەکرێگیراوی دیکەش بەناوەکانی کامیل شەبڕەنگ و کەماڵ عەبدی بڕیندارن".

ئەو هێزە لە راگەیاندڕاوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە "لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن و هۆشداری بە جاش، موخبیر و خۆفرشەکان دەدات، ئەگەر لە نۆکەرایەتی دوژمن بەردەوامن بن، بە سزای تاوانەکانیان دەگەیەندرێن".

هاوکات هێزێکی تر بە ناوی (گەنجانی نیشتیمانپەروەری کوردستان) لە راگەیەنراوێکدا لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "کە لەم چالاکییەدا دوو جاش سزادراون و دوو جاش بە سەختی بریندارکراون".

لە راگەیەنراوەکەی (گەنجانی نیشتمانپەروەری کوردستان)دا، راگەیەنراوەکەی دوێنێ بە ناوی (خۆری هیوا) رەتدەکاتەوە و هاتووە "هەندێک لایەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم ڕووداوەوە نەبووە، چالاکییەکەی ئێمە لەژێر ناوی خۆیاندا بڵاودەکەنەوە، بەمەش گەل و ڕای گشتی چەواشە دەکەن؛ بۆیە هۆشدارییان پێ دەدەین کە دەست لەم کارانە هەڵبگرن. ئەم چالاکییە لەلایەن گەنجانی نیشتیمانپەروەری کوردستان، گەنجانی شاری پاوەوە ئەنجامدراوە. ئەو لایەنانەی ئەم چالاکییە دەدەنەپاڵ خۆیان، هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییەکەوە نییە، پێویستە ڕای گشتی و گەلەکەمان باوەڕیان پێ نەکەن".


 




PM:04:26:30/06/2026