یەرەکە: لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی مەهاباددا چوار هاوڕێمان شەهیدبوون

لە راگەیەندراوێكدا یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی سەربازی پارتی ئازادی ژیانی كوردستان (پژاک) دەڵێن: لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی سوپای پاسداران لە مەهاباد، چوار هاوڕێیان شەهیدبوون، لە بەرانبەردا هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراو و برینداریان هەبووە، دەڵێت: " هەڵوێستمان بەرامبەر ئەم هێرشانە جیاواز دەبێت و بێ وەڵام نابین".

راگەیەندراوی یەرەکە:

"وەک گەلەکەمان و ڕای گشتی دەزانن، لەم دواییانەدا هێرشەکانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هێزەکانمان، لە زۆر لایەنەوە ڕوویان داوە. ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) هەمیشە ئەنجامی ئەم هێرشانەمان بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان ئاشکرا کردووە.

بەتایبەت ئێمە ئەمە ڕوون دەکەینەوە کە وەک یەرەکە، لەگەڵ دروستبوونی هێرش و شەڕ لەسەر ئێران، هەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەت و هێڵی سێیەمی خۆماندا هەڵوێستمان نیشان داوە. ئێمە نەبووینە لایەنگری هیچ هێزێک و هیچ هێرشێکمان نەکردووەتە سەر ڕژێمی ئێران. لە لاوازترین دۆخی ئێرانیشدا، ئێمە پشتمان بە هێز و هێڵی خۆمان بەستووە. بەم ڕێککەوتنانەی دوایی لەگەڵ ئەمریکا، هێزەکانی سوپای پاسداران، هێزە ئەمنییەکان و ئیتڵاعات هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر گەل و هێزەکانمان زۆر زیاتر کردووە. ئەوان سوود لەم دۆخە هەنووکەیییە وەردەگرن و هێزەکانمان دەکەنە ئامانجی هێرشە نامەردانەکانیان.

گەلەکەمان و ڕای گشتیش دەزانن؛ لە شەوی ٢٧ـی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، لە ناوچەی مەهاباد، گوندی گاگێش و دەوروبەری، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستی پێکردووە. سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە، لە ڕۆژانی سەرەتادا، ئێمە گەلی خۆمان ئاگادار کردبووەوە و ڕامانگەیاندبوو کە هیچ زانیارییەک لەبەردەستی ئێمەدا نییە.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان و ئەو زانیارانەش کە لە ناوچەکەوە بەدەستمان گەیشتوون، هێزێکی گەورە بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان. لەم هێرشانەدا هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراو و برینداریان هەبووە و زیانیان پێگەیشتووە. لە هەمان کاتدا، چوار هاوڕێی ئێمە کە دووهەڤاڵی ژن و دوو هەڤاڵی پیاو بوون، تا کۆتا دڵۆپی خوێنیان بەرگرییان کردووە و قارەمانانە شەهیدبوون. سەبارەت بە ناسنامەی هاوڕێیانمان، لە داهاتوودا ڕای گشتی و گەلەکەمان ئاگادار دەکەینەوە.

وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، لە شوێنی گونجاودا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هێرشانەی دوایی دەکەین کە کراونەتە سەر هێزەکانمان؛ پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر ئەم هێرشانە جیاواز دەبێت، ئێستاش جارێکی تر ڕوونی دەکەینەوە کە بێ وەڵام نابین."




PM:04:49:30/06/2026