مەرجەعی باڵای شیعەکان هۆشداری توند دەداتە هاوڵاتییان و لایەنە
پەیوەندیدارەکان و فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوەیەک بۆ ناو رووبارەکان بە "قەدەغە
و تاوان" ناو دەبات.
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە راگەیەنراوێکدا
رایگەیاندووە، فڕێدانی ئاوی ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو، پاشماوە رەقەکان، پاشماوە پزیشکییەکان
و ماددە کیمیاییەکان بۆ ناو رووبارەکان کارێکی نادروستە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە
ئەم کارە دەبێتە هۆی زیانی گشتی بۆ خەڵک، هەر بۆیە هەر کەسێک ئەنجامی بدات، لە رووی
شەرعییەوە تاوانبارە و بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست دەبن.
مەرجەعییەتی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو
نییە سەرپێچی ئەو یاسا و رێنماییانە بکرێت کە لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە
بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو دەرکراون. هەروەها داوای لە هاوڵاتییان کردووە کە بە حیکمەت
و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، چونکە پەیوەندی بە
بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، نووسینگەی عەلی سیستانی
داوا لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، رێگەی جێگرەوە و گونجاو بۆ رزگاربوون
لەو پاشماوە پزیشکی و کیمیایی و ئاوەڕۆیانە دابین بکەن، نەک بڕژێنرێنە ناو سەرچاوە
ئاوییەکانەوە.