وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی پلانیان هەیە
بۆ دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای ٥٠ مێگاوات،
بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەوزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی ٢٠٠ مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە،
کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، لەگەڵ عامر عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدوەی ئیماراتی،
بە ئامادەیی بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوە و دابەشکردن و پلاندانان و بەرهەمهێنان
کۆبوونەتەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا
باس لە پلانی دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە توانای ٥٠ مێگاوات کراوە کە بە
وزەی خۆر کاردەکەن .
کەمال محەمەد، ئامادەیی وەزارەتی کارەبای نیشانداوە بۆ هەموو
ئاسانکارییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دامەزرانی وێستگەی کارەبا بە وزەی
خاوێن.
هەرێمی کوردستان ئێستا ٤٨٠٠ بۆ ٥٠٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم
دەهێنێت و لەو بڕە ١٣٤ مێگاواتی لە وزەی خۆرە، هەربۆیە بە دانانی ئەم وێستگەی نوێیانە
بڕی کارەبا زیاد دەبێت.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ٨٣٪ی
بە گازی سروشتییە، ٥٪ی بە گازوایلە، ١١٪ بە نەوتی ڕەش و ١٪ بە هایدرۆپاوەرە.