دوای سەردانەکەی بۆ بەغداو کەرکوک، ئەمڕۆ چوار شەممە بۆ یەکەمجار ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە.
ئەمشەو پێنج شەممە، ١ ی حوزەیران بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای خۆی لە دەباشان، پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد.
سەرۆکی یەکێتی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردۆتەوە" لە دیدارێکدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا."
وەک لە هەژماری بافڵ تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەی ئاشتی خراوەتە بەر باس و سەرۆکی یەکێتی جارێکی دیکە پشتیوانیی حزبەکەی بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە " مێژووییە دووپاتکردۆتەوە".
هەروەها جەختی کردۆتەوە کە یەکێتی لەسەر رێبازی جەلال تاڵەبانی درێژە بە هەوڵەکانیان دەدات تاوەکو ئەو هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت و، وتوویەتی" بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت".
" لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە".( لە هەژماری سەرۆکی یەکێتیدا بەو شێوەیە هاتووە ).
لەدوای کۆچکردنی تاڵەبانی باوکەوە ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا لەو ئاستەدا بە ئاشکرا سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ یەکێتی کۆبێتەوە.
لەسەرجەم دیدارەکانی کاڵن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغداو، لە کەرکوک لەگەڵ پارێزگارە تورکمانەکەو، لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەسەر ئەو سەردانە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بۆ پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان نەکراوە، لە کاتێکدا چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پرسە بابەتی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای میت بووە.