نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوەدا کۆبوەوە

‌وێنەیەک لە کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری ئێران


سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوو راگەیانددراوی سەبارەت بە کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران  و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکردەوە.

هەینی، ٣ تەمووز ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئێران بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرد و بەتایبەتی تیشکیان خستە سەر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کایە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە کە بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی رووداوەکانی ئەم دواییە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، لەم بارەیەوە "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و رێوشوێنی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە".

لە بارەی ناوەرۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند "لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ ئێراندا تاوتوێ کرد و ده‌رباره‌ی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بیروڕایان گۆڕییەوە، هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر راوه‌ستانی شه‌ڕ و دوایین پێشهاتەكانی ناوچه‌كه‌".

بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی هەریەک لە نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێستادا لە تارانن.




AM:11:38:03/07/2026