سلێمانی.. هێڵێکی هاتووچۆ لە یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر کەمکرایەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی شۆفێران و هاووڵاتییانی شارەکە کرد و ڕایگەیاند'' بەهۆی بەردەوامبوونی کارەکانی پڕۆژەی یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر، یەک لەین (هێڵ) لە شەقامەکە بە هەردوو ئاڕاستەی هاتن و چووندا بە شێوەیەکی کاتی کەمکراوەتەوە.''

شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ڕێکارە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی و تەنها بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی شۆفێران و بەکارهێنەرانی ڕێگەکە جێبەجێ کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی هێماکانی ئاگادارکردنەوە و ڕێنمایی تایبەت بە کەمکردنەوەی خێرایی لە شوێنی پڕۆژەکەدا جێگیر کراون.

لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، داوا لە سەرجەم شۆفێران کراوە کە لە کاتی بەکارهێنانی ئەو شەقامەدا بە وریاییەکی زۆرەوە هاتووچۆ بکەن و هاوکاری تیمەکانی کارکردن بن تاوەکو قۆناغی کارەکان لەو بەشەی شەقامەکەدا بە سەلامەتی کۆتاییان دێت.



PM:06:47:03/07/2026