قوباد تاڵەبانی: تورکیا سوورە لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی

‌قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان لە تورکیا

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوەو جەخت دەکاتەوە کە خۆشحاڵە حکومەتی تورکیا و لایەنەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ کەجەکە کە باڵی سیاسی پەکەکە دەکات دەڵێت " پرۆسەی ئاشتی لە دوخێکی خراپدایە و تورکیا ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات". 

قوباد تاڵەبانی کەسی دووەمی ناو یەکێتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی "لە سەردانێکدا بۆ تورکیا بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بەڕێز هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووینەوە. ئامادەیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی".

هەروەها هیواخوازە ئەو قۆناغە نوێیە ببێتە مایەی زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، " بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و خوێندنی باڵا و گەشتوگوزاردا".

جێگری سەرۆکی حکومەت لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی " سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش جەختمان کردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان کە نەک نابینە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان بەڵکو بە هەموو تواناوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە". 

دوێنێ کەجەکە کە وەل باڵی سیاسی پەکەکە ناسراوە لە راگەیاندنێکدا پێچەوانەی ئەم رایەی قوباد تاڵەبانییەوەو دەڵێت " دوای دیداری ٢٤ی ئایار، ئەو پێشنیازانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردن، بڕیار بوو لە لایەن دەسەڵاتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبوو بە ڕێبەر ئاپۆ ڕابگەیەندرێت و ئەنجامەکانیشی بە تەڤگەری ئێمە ڕابگەیەندرێت. بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێوشوێنە بەڕێوە نەچووە".

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتووە "ئەگەر لەگەڵ ڕێبەرێتیدا دیدار و گفتوگۆ نەکرێت، بۆچوونی تەڤگەرەکەمان وەرنەگیرێت و لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت کە یاسایەک بە فڵان شێوە دەردەکرێت، لە ناوەڕۆکیدا فڵان شت دەبێت؛ ئەمە وەکو یارییەکە، وەکو سەپاندن، هەروەها وەکو پیلانگێڕییەک دەبینرێت. هەر خۆی نوعمان کورتولمووش لە لێدوانێکدا گوتی، یاسایەک دەردەکرێت، ئەوانەی دێن با بێن، ئەوانەی نەهاتن، ئەوەی پێویست بێت لە دژیان دەکرێت".

کەجەکە دەشڵێت "لە ئێستادا وەک بڵێی ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ دەکرێت، سیاسەتێکی لەم شێوەیە پەیڕەودەکرێت. سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن، تەنها وەکو سەرۆکی ڕێکخراوێکی هەواڵگری نا، بەڵکوو وەکو سەرۆکوەزیری حکومەتێک لە عێراق دەگەڕێت. ماوەی ڕابردوو لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە ئەنجامدرابوون. سەرۆکی میت چ کارێکی هەیە لە بەغدا، سلێمانی و هەولێر، چی دەکات؟ ئایا لە پلانی تەسفیە و هێرشی سەر تەڤگەری ئازادیدا خواستی ئەوە هەیە کە هەندێک ڕۆڵ بدرێتە ئەم هێزانە؟ بێگومان تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان پێویستە ئاگایان لە سیاسەتی لەم شێوەیە هەبێت. پێویستە قسە تاکلایەنەکانی تورکیا و ئەو تێڕوانینانە ببینرێت کە لە بەرژەوەندیی کورد نین".




PM:08:35:03/07/2026