لە دوای راگەیاندنی
ئامادەیی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عومان و پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی
فرەنەتەوەیی بە مەبەستی پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، جێگری وەزیری دەرەوەی
ئێران هۆشداری دەدات کە ئەم گەرووە "مەیدانی نمایشە سەربازییەکانی هێزە دەرەکییەکان
نییە."
ئەمڕۆ شەممە ٤ی
تەمووز، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، وڵاتەکەی بە "هێزی بەرپرسیار
و دەستەبەرکاری ئاسایشی گەرووی هورمز" دانا و هۆشداریی توندی دا لە دژی
"هەر جووڵەیەکی سەربازی لەم گەرووە هەستیارەدا."
غەریبئابادی جەختی
لەوەش کردەوە کە "پاراستنی ئاسایشی هورمز لە ئەستۆی دەوڵەتانی کەناراوەکە خۆیەتی"
و وتیشی: "ئەو وڵاتانە بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتەکانی سەرکێشییەکانی خۆیان؛ ئەمە
هۆشدارییەکی جددییە."
ئەم لێدوانانەی ئێران
وەک وەڵامێکە بۆ راگەیەنراوەکەی هاوبەشەکەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە ئاماژەیان بەوە کردووە، گەرووی هورمز
"شاخوێنبەری ئابووریی جیهانە" و گەرەنتیکردنی سەلامەتیی تێپەڕینی کەشتیی
وڵاتان، بابەتێکی گرنگی نێودەوڵەتییە.
لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، سەڵتەنەتی عومان رەزامەندیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا،
بە مەبەستی گەرەنتیکردنی تێپەڕینی سەلامەتی کەشتییەکان.
هەردوو وڵات جەختیان
لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتەکان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.