سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین پەیامیدا کە بە زمانی کوردی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردووەتەوە، هەڕەشەی توند لە گەندەڵکاران دەکات و هاوکات پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتیی لایەنە کوردییەکان و عێراقییەکان دەربڕیوە.
عەلی فالح زەیدی، لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی کردووەتەوە و نووسیویەتی'' حکومەتەکەمان بە ئیرادەیەکی نەگۆڕەوە بەردەوامە لە ڕاونانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوە و دادپەروەری، هەرچەند ئاستەنگی و فشارەکان گەورە بن لەم ڕێبازە پاشەکشە ناکات."
زەیدی لە درێژەی پەیامەکەیدا سوپاس و پێزانینی قووڵی ئاراستەی گەلی عێراق، مەرجەعەکان، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و پەرلەمان کردووە.
هاوکات بە شێوەیەکی تایبەت سوپاسی سەید موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسی و ئەمنییەکانی کردووە کە هاوکار و پاڵپشتی حکومەتن لەم شەڕەدا.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم پشتیوانییە نیشتمانییە فراوانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا شەڕی حکومەت نییە، بەڵکو شەڕی تەواوی نیشتمانە بۆ بەرگریکردن لە سامانی گشتی، سەروەریی یاسا و داهاتووی عێراق.