میدیاکانی تورکیا: پەکەکە دوو ناوچەی گرنگی لە چیای گارا چۆڵ کردووە

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیاوە سەبارەت بە چۆڵکردنی ناوچەکانی (سیانی) و (بەهار تەپە) لە چیای گارا لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکراونەتەوە، هاوکات پەکەکەش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوە یان پەیامێکی فەرمیی لەمبارەیەوە نەداوە.

پێشتر میدیاکانی ئەنقەرە بڵاویانکردبووەوە کە ئەم کشانەوە کتوپڕە دوای سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ شاری سلێمانی هاتووە، و وەک دیارترین پەرەسەندنی مەیدانیی ئەم دواییە لە قەڵەم درابوو کە هاوکات بوو لەگەڵ دەنگۆکانی تایبەت بە کەیسی چارەسەری دۆزی کورد لە تورکیا.

لە ڕاپۆرتەکانی میدیای تورکیادا هاتبوو کە کەمپی (سیان) یەکێکە لە گرنگترین بارەگاکانی پەکەکە و وەک ناوەندی سەرەکیی پرۆسە لۆجستییەکان، ڕاهێنانی گەریلا و چەندین دامەزراوەی ژێرزەوینیی وەک کارگەی دروستکردنی درۆن و تەقەمەنی بەکارهاتووە.

ئەم بابەتە لە کاتێکدایە کە گوایە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان گەیشتووەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە "یاسای چوارچێوە" بۆ چارەسەری پرسی کورد، کە بڕیارە لەم مانگەدا و بەر لە دەستپێکردنی پشووی پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە نوێیەکان، ئەم زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە.
.



PM:10:58:04/07/2026