بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فیراس سدیق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە فرۆشتنی جۆرێکی هێلکە بە ناوی خۆماڵیەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هێلکەکە هی مریشکی کوردی نییە".
یەک شەممە، ٥ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند "راستە ئەو هێلکەیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەناوی هێلکەی کوردی دەفرۆشرێت، بەڵام بۆ کۆنترۆڵکردنی و جیاکردنەوەی لەگەڵ هێلکەی راستەقینەی کوردی، دەبێت هاوڵاتییان و کڕیاران زۆر وردببنەوە و وریابن بۆ ئەوەی بتوانن جیایان بکەنەوە".
فیراس سدیق لە بارەی جیاکردنەوەی هێلکەکانەوە وتی "ئەگەر زۆر بە وردی سەرنج بدەیت دەتوانیت جیایان بکەیتەوە، چونکە هێلکەکە لەگەڵ هێلکەی کوردی لە کێش و قەبارەدا جیاوازترە".
"هەموو ئەو مریشکانەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکانن مریشکی کوردی نین، بەڵکوو چەند جۆرێک لە مریشکی دیکە هەن، ئەو مریشکەی هێلکەکەی لە هێلکەی کوردی دەچێت لە کێڵگەکاندا زۆرن و بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەناوی هێلکەی کوردییەوە دەیفرۆشن"، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ وا دەڵێت.
فیراس سدیق ئاماژەی بەوشکرد کە "هەموو هێلکەیەک لە کێڵگەکانەوە مۆر و رێکەوتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی لێ دەدرێت، ئەو هێلکەیەی بەناوی هێلکەی کوردیشەوە دەفرۆشرێت هەمان مۆری هەیە، هەر بۆیە جیاکردنەوەی هێلکەکان لە یەکتری کەمێک قورسە"بەو پێوەرە.
بەپێی ئامارەکان، ٦٥ کیڵگەی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن و رۆژانە ٢١ هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت. هەر کارتۆنێک ٣٦٠ هێلکەی تێدایە، لە کاتێکدا پێویستیی رۆژانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا حەوت هەزار کارتۆنە.