د. عەبدوللەتیف ئەحمەد: بۆ ماوەیەکی کاتی وتار نادەم

د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، ڕێبەری سەلەفییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا کشانەوەی کاتیی خۆی لە پێشکەشکردنی وتاری ڕۆژی هەینی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت'' بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف.''

د. عەبدوللەتیف ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێکی ناڕەوا و بێ بنەمای یاسایی دژی دەرکراوە کە بەو هۆیەوە لە وەزیفەکەی دوورخرایەوە، بەڵام ئێستاش نەیارانی فشاری زۆریان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف بە مەبەستی ڕێگریکردن لە وتاردانی.

 وتیشی'' هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێم ڕاگەیەندرا کە بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی وتارەکانم، بەڵام من چاک دەزانم کە فشاری زۆر و قورسیان لەسەرە، و ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە بۆ سووککردنی باری سەرشانی ئەوقاف و ڕێگریکردن لە هەر گرژییەک، بڕیاری داوە بۆ ماوەیەک پشوو بدات و وتار نەدات، بەڵام ئەم دوورکەوتنەوەیەی کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دادگاوە هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی لەو راگەیەندراوێکدا  داوایان لە وەزیری ئەوقاف، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و لیژنەکانی فتوا کرد، کە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و رێکاری پێویست بەرامبەر دکتۆر عەبدولەتیف بگرنەبەر و لە وتاربێژی دووری بخەنەوە.

هاوکات، چوار شەممە، ١ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەی زانکۆ لەسەر کەیسەکەی دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد ئاشكرا کرا و تیایدا هاتبوو کە "پێدانی سزای العزل (دوورخستنەوەی هەتا هەتایی)  بە د. عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/ زانکۆی سلێمانی".





PM:07:52:05/07/2026