کەرکووک.. پاسەوانانی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا شەڕەچەقۆیان نایەوە

شەوی یەکشەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە نەخۆشخانەی ئەهلیی (وەتەن) لە شاری کەرکووک، گرژی و شەڕەچەقۆ لە نێوان پاسەوانانی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و پاسەوانانی نەخۆشخانەکەدا ڕوویدا و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەحمەد ڕەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە یاوەریی دایکی سەردانی نەخۆشخانەی وەتەنی کردووە، بەڵام کێشەکە لەوەوە دەستی پێکردووە کە پاسەوانانی نەخۆشخانەکە ڕێگرییان لە چەکدارەکانی ئەو ئەندامەی ئەنجومەن کردووە بە چەکەوە بچنە ناو حەرەمی نەخۆشخانەکەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەمەقاڵێی نێوانیان گۆڕاوە بۆ شەڕ و لە ئەنجامدا پاسەوانەکانی ئەحمەد ڕەمزی هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانانی نەخۆشخانەکە و دوو کەسیان لێ بریندار کردوون، لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکار و پەرەسەندنەکانی ئەو گرژییە دەستپێکردووە.



PM:11:48:05/07/2026