دهۆک..مەسیحییەکان دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان گردبوونەوە

‌وێنەیەک لە گردبوونەوەکە

ئەمڕۆ لە بەردەم بینای پارێزگای دهۆک، بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، کەنیسەیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەسیحی (کلدان، سریان و ئاشووری)، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دژی "داگیرکردنی زەوییەکانیان" ئەنجامدا.

دوو شەممە، ٦ تەمووز ٢٠٢٦، لە کاتی گردبوونەوەکەدا راگەیاندراوی حیزبەکان (بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، حزبی نەهرەین و حزبی نیشتمانیی ئاشووری) خوێندرایەوە و تیایدا رەخنەیان لە ڕێگرییەکان گرت و ئاماژەیان بەوەکرد، ئەمڕۆ لە بازگەکانی دهۆک، ڕێگری لە هاتنی ئەو هاووڵاتییە مەسیحییانە کراوە، کە ویستوویانە لە شار و ناوچەکانی دیکەوە خۆیان بگەیەننە دهۆک و بەشداری لەم گردبوونەوەیەدا بکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە  "سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی دادگا بۆ لابردنی سەرپێچییەکان و گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەرچووە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکراون و بەپێچەوانەوە پڕۆسەی داگیرکاری و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی مەسیحی بەردەوامە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاوڵاتیان دوایانکرد کە  "یاسا سەروەر بێت، کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر موڵکی تایبەت و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، کە دەستبەجێ بڕیارە دادوەرییەکان جێبەجێ بکات و ڕێز لە مافی ڕەسەنی دانیشتووانی ناوچەکە بگرێت".

ئەم گردبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە  دەستدرێژییەکان بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی کشکاوای سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ و ناوچەکانی دیکەی وەکو دەشتی نەهلە، سنووری چەمانکێ، ئامێدی، بەرواری باڵا و زاخۆ لەلایەن بەرپرسانەوە بەردەوامە کە خاوەنەکانیان مەسیحین.




PM:03:38:06/07/2026