بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی بۆ بەندکردن و ئازادکردن راگەیاند.
دوو شەممە، ٦ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤ هەزار و ٩٤ سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوکمەکانیان هێنراونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازیی گەوران، ژنان و منداڵان لە هەر سێ پارێزگاکە، لە هەمان کاتدا ٣ هەزار ٥٦٥ مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان کراوە و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان، هەروەها ٦٧٦ سزادراو بە مەرج ئازاد کراون".
"هاوکات مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوە دراوەتە ١٦١ سزادراو و ٣ هەزار و ٨٨٥ سزادراویش سوودمەند بوون لە خزمەتگوزاریی ژوانگەی خێزانی. لەو شەش مانگەدا ٢٣٨ خولی راهێنان، سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ کارمەندان و سزادراوان کراونەتەوە، ٧٣ وتاری ئایینیش لە ناو چاکسازییەکان پێشکەش کراون"، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
سەبارەت بە سەنتەرەکانی راهێنانەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان ئاشکرایکرد کە "لەو ماوەیەدا ٢٢٩ سزادراو لە گرووپەکان بەشدارییان کردووە و سوودمەند بوون لە چارەسەرە تەندروستییەکانی ئەو سەنتەرانە، ١٠ سزادراویش بە لێبوردنی تایبەت ئازاد کراون".
دەربارەی پرۆسەی خوێندن و ژمارەی سەردانیکارانی زیندان ئەوەی خستەڕوو کە لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا "٥٣٤ سزادراو لە ناو قوتابخانەکانی چاکسازی خوێندوویانە، ٣٥ هەزار و ٨٦٤ سەردانیش لەلایەن سزادراوانەوە بۆ کتێبخانەی چاکسازی کراوە".
ئەم ئامارانەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە هی چاکسازەییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکە.