بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم: پێویستە عێراق ژمارەیەک گەندەڵ گوللـەباران بکات

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە نووسینێکدا ڕایگەیاند'' بۆ سەرکەوتن بەسەر دیاردەی گەندەڵیدا، پێویستە حکومەتی عێراق ڕێکاری توند بگرێتەبەر و ژمارەیەک لە بەرپرسە گەندەڵەکان گوللـەباران بکات.''

د. سەیوان فەرەج لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئاماژەی بە ئەزموونی دەوڵەتی چین کردووە لە کاتی دەستپێکردنی ڕیفۆرم و ڕێگەدان بە کەرتی تایبەت، کە تێیدا زۆرێک لە کاربەدەستانی گەورەی دەوڵەت وەک بەڕێوەبەری گشتی، بریکاری وەزیر و وەزیرەکان تێوەگلان، بەڵام دەوڵەت دوای دەستنیشانکردنیان، ژمارەیەکیانی دادگایی کرد و گوللـەبارانی کردن.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەشڵێت'' بەڕای من عێراقیش پێویستە ژمارەیەکی زۆر گەندەڵ گوللـەباران بکات، ئەگینا هەرگیز بەسەر گەندەڵیدا سەرناکەوێت." 

جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا، پێویستە ڕێگای "شۆکتەرەپی" (چارەسەری بە شۆک) بگیرێتەبەر.



PM:10:36:06/07/2026