هەولێر؛ گەنجێک لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل دایکی خۆی کوشت

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە شارۆچکەی بنەسڵاوە توانیویانە لە کاتێکی پێوانەییدا تۆمەتبارێکی مەترسیدار دەستگیر بکەن کە دایکی خۆی کوشتووە.

ڕووداوەکە دوای دروستبوونی مشتومڕێکی خێزانی لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل کەوتووەتەوە و لەمبارەوە موقەدەم کیفاح حەسەن، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە کە دوای ئەوەی دایکەکە داوای لە کوڕەکەی کردووە چاوەڕێ بکات تا مۆڵەتی شۆفێری وەردەگرێت، تۆمەتبار ویستوویەتی بە دەمانچەیەکی جۆری تورکی دایکی بترسێنێت، بەڵام فیشەک بەر سەری دایکەکە کەوتووە و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

تۆمەتبارەکە بە فەرمانی یاسایی دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.

لە ئێستادا تۆمەتبار لە بەشی گرتن و گواستنەوەی هەولێر ڕاگیراوە تا تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەرامبەری.





PM:03:21:07/07/2026