خالید
عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی
"ئێران ئینتێرنشناڵ" ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ نیشاندانی هێز لە ڕێگەی
ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتن، پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەمزووانە ڕووبەڕووی
ئالەنگاریی قووڵیی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتی دەبێتەوە.
عەزیزی لە شیکردنەوەی دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی دوای
کوژرانی عەلی خامنەییدا وتی، ئەم ڕێژیمە لە ئەنجامی لێکەوتەکانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا
و ئیسرائیلدا، لە پێگەیەکی زۆر لاوازدا دایە.
بە وتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی بە گەورەکردنەوەی ڕێوڕەسمی
بەڕێکردن و ناشتنی خامنەیی، دەیهەوێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتیی نێوخۆی وڵات
نیشان بدات کە هێشتا بەپێوە وەستاوە و سەقامگیرە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێی وایە
قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکانی ئاشتیی ئەم دواییەدا، نیشاندەری
شکستی شاراوەی ڕێژیمە و لێکەوتەکانی ئەم شکستە بەمزووانە لە کایە سیاسی، ئابووری و
کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەون.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات، بە بەراوردکردنی بارودۆخی ئێستا لەگەڵ
سەردەمی دوای مەرگی خومەینی ڕایگەیاند، گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە ڕوانگەی گشتی و سەرکوتکارییەکانی
کۆماری ئیسلامیدا، بەتایبەت لە بەرانبەر خەڵک و کوردستاندا، بەئاسانی ڕوونادات.
سەرەڕای ئەوەش، ناوبراو جەختی کردەوە کە نە موجتەبا خامنەیی
و نە هیچ جێگرەوەیەکی دیکە، پێگە و دەسەڵاتی خومەینی و عەلی خامنەیییان نابێت بۆ بەڕێوەبردنی
قەیرانە بەربڵاوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە، بە بڕوای بەڕێز عەزیزی،
کۆماری ئیسلامی لە خۆگونجاندن لەگەڵ لێکەوتەکانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییە
نێوخۆییەکاندا تووشی بنبەستی جیددی دەبێت و خەباتی خەڵکیش دەچێتە نێو قۆناغێکی جیددیترەوە.
خالید عەزیزی هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسدارانی بۆ سەر
بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە بەردەوامیی سیاستەکانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی
بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی زانی.
ناوبراو وتی ڕژیم دەیهەوێت بە تۆمەتبارکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات
بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان هاوکات لەگەڵ هێرشە دەرەکییەکان، بەستێن بۆ چڕکردنەوەی
سەرکوتەکان خۆش بکات.