وادەی ئاشکراکردنی ناوی ٢٥٠ دامەزراوی هەڵەبجە راگەیەنرا

پڕۆسەی خاڵبەندی و جیاکردنەوەی ناوی شایستەکان بۆ پڕکردنەوەی ٢٥٠ میلاک لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا ئەنجامەکان ڕابگەیەنرێن.

ئارام شێخ جەمال، سەرپەرشتیاری لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، پڕۆسەی وردبینی و خاڵبەندی بۆ ٩٠٠٦ کەس دەستیپێکردووە کە فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن لە ماوەی ٢ مانگی داهاتوودا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بەگوێرەی پێوەرەکان ناویان بۆ دامەزراندن دەردەچێت.

بە پێی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵا، دامەزراندنەکە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون ١ خاڵ هەژمار دەکرێت. بۆ بڕوانامەکان خاڵبەندی بەم شێوەیەیە: دکتۆرا ٤ خاڵ، ماستەر ٣ خاڵ، دیپلۆمی باڵا ٢.٥ خاڵ، بکالۆریۆس ٢ خاڵ و دیپلۆم ١ خاڵ. هەروەها بۆ ئاستی خوێندنی ١٢ی ئامادەیی ٣ خاڵ، ٩ی بنەڕەتی ٢ خاڵ و ٦ی بنەڕەتی ١ خاڵ دیاری کراوە.

بۆ نمرەی دەرچوونی خوێندکاران، پێوەرەکە بەم شێوەیەیە: (٥٠ بۆ ٦٠) ١ خاڵ، (٦٠ بۆ ٧٠) ٢ خاڵ، (٧٠ بۆ ٨٠) ٣ خاڵ، (٨٠ بۆ ٩٠) ٤ خاڵ و (٩٠ بۆ ١٠٠) ٥ خاڵ. هاوکات بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان ٤ خاڵ هەژمار دەکرێت و بۆ چاوپێکەوتنیش ٤ خاڵی دیکە دانراوە.

پڕۆسەکە خاڵ بۆ کارکردنی خۆبەخشیش دادەنێت، بە جۆرێک ٦ مانگ بۆ ١ ساڵ ١ خاڵ، ١ بۆ ٢ ساڵ ٢ خاڵ، ٢ بۆ ٣ ساڵ ٣ خاڵ، ٣ بۆ ٤ ساڵ ٤ خاڵ و ٤ بۆ ٥ ساڵ ٥ خاڵ هەژمار دەکرێت.

لە کۆی ئەو ٢٥٠ کەسەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دراوە، ٢٢ کەسیان لە بواری سەربازیدا دەبن. دامەزراندن لە ڕاژەی سەربازیشدا بە هەمان پێوەری خاڵبەندی و ڕەچاوکردنی مەرجە سەربازییەکان دەبێت کە بەسەر داواکاراندا جێبەجێ دەکرێت.




PM:12:57:08/07/2026