وەزارەتی کارەبا: کەرتی کارەبا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیووە


وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت" کەرتی کارەبا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک هەزار و ٩٧٤مێگاوات کارەبای نوێ بەرهەم هێنراوە. 

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کارەبا، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا چەندین وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان خراونەتە لەوانە: 

- وێستگەی بازیان٧٥٠ مێگاوات

- وێستگەی خۆرماڵە٥٠٠ مێگاوات

- وێستگەی هەڵمی خەبات٣٠٠ مێگاوات

- وێستگەی گەرمیان١٦٥ مێگاوات

- وێستگەی دێرەلووک ٣٨مێگاوات

- وێستگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ٨٧مێگاوات

- بەرهەمهێنانی ١٣٤ مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

هەرچی کەرتی دابەشکردنی کارەبایە، ٣ هەزار و٨٨٠ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە٢٥٩ ملیار دینار جێبەجێ کراون، کە زۆرترین رێژەی پڕۆژەکان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بووە بە ٢ هەزار و ٢٢٤ پڕۆژە.

بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی کارەبا، گەیاندنی کارەبا بووە بۆ ٥٧٥هەزار هاوبەشی نوێ، ئێستا ٨٥٪ـی هاوبەشانی کارەبا (کە کۆی گشتییان یەک ملیۆن و ٩٧٥ هەزار هاوبەشە) کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە.

حکومەت لە رێگەی رێکخستنەوەی تۆڕەکانەوە توانیویەتی ٦ هەزار مۆلیدەی تایبەت لەناو گەڕەکەکان بکوژێنێتەوە و زیاتر لە ٦٢ هەزار سەرپێچی سەر تۆڕی نیشتمانیش لابدات.

لە راپۆرتی وەزارەتی کارەبادا هاتووە کە لە رێگەی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، توانراوە رێگری لە بەفیڕۆچوونی سامانێکی زۆر بگیرێ و ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێتەوە.

 




PM:05:06:08/07/2026