رۆژانی داهاتوو رێکەوتنی تورکیا و عێراق لە بواری نەوت واژۆ دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم محەمەد خەزیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەلپ ئەرسلان بەیرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئەنجامدا، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕێکەوتنامەی نێوان هەردوو وڵات تایبەت بە بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ مەبەستی هەناردەکردن (کەرکوک - جیهان).

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بووە لە بواری جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان لە کەرتەکانی نەوت، غاز و کەرتی بۆرییەکاندا. هەروەها هەردوولا بیروڕایان گۆڕییەوە لەسەر فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستانەکان سەبارەت بەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی گواستنەوەی نەوت، زیادکردنی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری هەناردەکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دیکەوە هەیە، لەگەڵ ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژە وەبەرهێنان و ستراتیژییەکانی کەرتی نەوتدا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای دەوڵەتیی نەوتی باکوور، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (٢٤ی حوزەیران) ئاشکرای کردبوو کە ئامادەکاری و نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری عێراق - تورکیا کە لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی درێژدەبێتەوە کۆتایی هاتووە، و جەختی کردەوە کە پۆمپاکردنی ئەزموونی لە ڕێگەی هێڵەکەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەستپێدەکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی جێگیر.

پێشتر عێراق داوای لە تورکیا کردبوو کە ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی نێوان کەرکووک و بەندەری جیهانی تورکی لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک درێژبکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی کاتی زیاتر بە هەردوولا بدرێت بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ کە هەناردەکردنی نەوت لەم ڕێڕەوە گرنگەوە ڕێکبخاتەوە.

شایانی باسە ڕێکەوتنی ئێستای تایبەت بە هێڵی بۆری کەرکووک - جیهان، لە ٢٧ی تەموزی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەمەش دوای چەندین دەیە لە ڕێکخستنی هەناردەکردنی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا لە ڕێگەی ئەم هێڵەوە.




PM:05:44:09/07/2026