نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی حکومەتی هەرێم تۆمار دەکات

 سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' بەهۆی بەسەرچوونی وادەی یاسایی کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی یاساییان لە دژی تۆمار کردووە.''

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم حکومەتە لە ڕێککەوتی ١٠ی تەممووزی ٢٠١٩وە بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەی پێدراوە و لە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣وە وادە یاساییەکەی کۆتایی هاتووە و بووەتە حکومەتی کاربەڕێکەر؛ بۆیە ناتوانێت هیچ بڕیارێکی ستراتیژی بدات یان گرێبەست واژۆ بکات.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕوونیشیکردەوە، لە سکاڵاکەیاندا داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکومەت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا داونی و بوونەتە بارگرانی لەسەر ژیانی خەڵک، هەڵبوەشێنرێنەوە؛ لەوانەش، بڕیاری زیادکردنی نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان، زیادکردنی باج لەسەر کاسبکاران و هەر گرێبەستێکی دیکەی ستراتیژی کە لەو ماوەیەدا ئەنجام درابێت.



PM:08:41:09/07/2026