پەرلەمانتارێکی عێراق: ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مووچەی هەرێم خەرج دەکرێت

 ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' دواکەوتنی مووچە تەنیا هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەهۆی کەمیی نەختینەوە لە سەرتاسەری عێراقدا، دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچەی دامەزراوە فیدراڵییەکانیشدا هەیە.'' هاوکات کاتی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی ئاشکرا کرد.

ئیخڵاس دلێمی، ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتا و زانیارییە پێویستەکانی بۆ فەرمانگە داراییەکانی عێراق ناردووە و ئێستا لە لایەن ژمێریاران و فەرمانگەی بودجەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو وردبینی کۆتایی لە لیستەکاندا بکرێت.

بەپێی وتەی ئیخڵاس دلێمی، ئەگەری زۆرە لە ڕۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە دەست بە خەرجکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دلێمی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵیش تا ئێستا مووچەی سەرجەم بەش و دامەزراوەکانی خۆی دابەش نەکردووە، بە شێوازێک کە تەنانەت ئەندامانی پەرلەمانی عێراقیش تەنیا ئەمڕۆ مووچەیان وەرگرتووە.

هۆکاری ئەم دواکەوتنە گشتییەشی بۆ دروستبوونی کێشەی کەمیی نەختینە (سیولە) لە سەرتاسەری عێراقدا گەڕاندەوە، بەڵام دڵنیایی دا کە ڕێکارە داراییەکانی تایبەت بە هەرێم بە شێوازێکی ئاسایی بەڕێوەدەچن.



AM:12:05:10/07/2026