دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی "باندێکی ساغکردنەوە دراوی ساختە"ـی راگەیاند.
شەممە، ١١ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باندێکی سێ کەسی ساغکردنەوەی دراوی ساختە، کاتژمێر ٨:٥٥ـی شەوی رابردوو ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران".
دەزگای ئاسایش وتوشیەتی "لەکاتی دەستگیرکردنیان، ئەندامانی باندەکە لە نزیکەی ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە و سێ ئەندامی هێزەکانمان بریندار بوون".
"تۆمەتباران لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە کردووە، لەکاتی مامەڵەکردن کەسەکانیان فریوداوە و بە زەبری چەک و هەڕەشەکردن پارەیان لێسەندوون"، دەزگای ئاسایش وا دەڵێت.
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردوە کە تۆمەتبارەکان بە مادەکانی ٤٠٦ و ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.