پاش دزینی ٨٢٥ ملیۆن دینارو دوو ساڵ خۆشاردنەوە، دزە گەورەکەی کەرکوک گیرا

دوای دوو ساڵ گەڕان و شوێنگۆڕین لە نێوان پارێزگاکاندا، هێزە ئەمنییەکان توانییان ئەو دزە دەستگیر بکەن کە بڕێکی زۆر پارەی لە خاوەن کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزیبوو.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، دزییەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە شاری کەرکووک ئەنجامدراوە. تێیدا تۆمەتبارەکە توانیویەتی بڕی ٨٢٥,٠٠٠,٠٠٠ (هەشتسەد و بیست و پێنج ملیۆن) دینار لە خاوەن کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو بدزێت و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵبێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەت، تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی ٢ ساڵ بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی خۆشاردنەوەی لە دەزگا ئەمنییەکان داوە.

ناوبراو بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت، بە بەردەوامی شوێنی مانەوەی خۆی لە نێوان چەند پارێزگایەکی جیاوازی عێراقدا گۆڕیوە تاوەکو سەرەداوی بۆ پۆلیس جێنەهێڵێت
.

هێزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر ئەو تۆمەتبارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، توانییان شوێنەکەی لە شاری بەغداد دەستنیشان بکەن. دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی ڕەسافە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد.

وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کردووە کە دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وردەکاریی دزینی پارەکەی گێڕاوەتەوە. لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، تۆمەتبارەکە دەستبەسەر کراوە.




PM:02:23:11/07/2026