د. بورهان یاسین: ململانێی پارتی و یەکێتی و مەترسیی "بەعەرەبکردنی بێدەنگ" لە هەرێمی کوردستان

لە کاتێکدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشداریی بەردەوام دەدرێت لەسەر لێکهەڵوەشانی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان؛ نوسەر و روناکبیرێکی کورد پەردە لەسەر پرۆسەیەکی مەترسیدار لادەدات کە لە سێبەری ئەم دۆخەدا بەڕێوە دەچێت، ئەویش پڕۆژەی "بەعەرەبکردنی بێدەنگ"ی باشووری کوردستانە.

دکتۆر بورهان یاسین، توێژەر سیاسی و نوسەری کورد لە وتارەکەیدا بە ناوی "کارەساتی نیشتمان" ئامارە مەترسیدارەکان بڵاودەکاتەوە و دەنوسێت: چارەکە ملیۆنێک هاوڵاتیی عەرەب لە هەرێمدا نیشتەجێن.

لە وتارە شیکارییەکەدا هاتووە:

بەپێی زانیاری و ئامارە پشتڕاستکراوەکان، تا ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی دانیشتوانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٣٢ هەزار کەس، ئەمەش نزیکەی ٢٦٪ی کۆی گشتیی دانیشتوانی هەرێمەکە پێکدەهێنێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی جێگیربوونی ئەم لێشاوە بە ئاگاداری و کارئاسانیی دەسەڵاتداران بەڕێوە دەچێت، بەجۆرێک کە تا ئەو بەروارە ١٧٩ خوێندنگەی عەرەبی کراونەتەوە و ٣٢ هەزار منداڵی عەرەب لە هەرێم لەدایکبوون و ناسنامەی کوردستانیان بۆ بڕاوەتەوە. لە هەمان کاتدا، زانیارییەکان دەری دەخەن کە ٩٥٪ی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کوردستان لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکومییەوە پشتگیری دەکرێن یان خۆیان سوودمەندی یەکەمن لێی، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ڕاکێشانی ئەم کۆچە گەورەیەیە.

سیستمی فیدراڵی و لاوازیی یاسایی

شیکەرەوەی وتارەکە ڕەخنە لە پێکهاتەی سیستمی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و پێی وایە نەبوونی میکانیزمێکی یاسایی و دەستووری بۆ ڕێگریکردن لەم لێشاوە، لاوازییەکی کوشندەی ئەم سیستمە دەردەخات. هاوکات تیشک دەخرێتە سەر دروشمی مێژوویی "برایەتیی کورد و عەرەب" و پێیان وایە ئەم دروشمە لە ئێستادا بووەتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی "داگیرکەر ببێتە خاوەنماڵ" و پڕۆسەی تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان بە نەرمی جێبەجێ بکرێت.

"بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد، خاک و زمان دوو دواین خەندەقی مانەوەن. لەدەستدانی هەر مەترێک چوارگۆشە لە خاک، گەڕاندنەوەی لە داهاتوودا ئەستەم دەبێت و پایەکانی نەتەوەبوون دەڕوخێنێت."

لە شاخەوە بۆ شار؛ گۆڕانی خەباتکاران بۆ هاوبەشی پڕۆژەکە

لە کۆتایی وتارەکەدا، پرسیارێکی جدی لە چوارچێوەی مێژوو و سیاسەتدا ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم دەکرێت؛ چۆن ئەو "خەباتکارانە"ی دوێنێی شاخ کە ئامادەبوون لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا گیانی خۆیان ببەخشن، ئەمڕۆ لە ئاست شێوازێکی نوێی بەعەرەبکردندا بێدەنگ و بێباکن؟

وتارەکە بە توندی تاوانباریان دەکات و دەڵێت بەشێک لەم دەسەڵاتدارانە بەهۆی بەرژەوەندیی داراییەوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم دۆخەدا، کە دەگاتە ئاستی "خیانەتی نیشتمانی". هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تیرۆرکردن، زیندانیکردن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان لە ناوخۆی هەرێمدا، گومانێکی گەورە دەخاتە سەر ڕابردووی ئەم هێزانە و جدیبوونیان لەسەر پرسی نەتەوەیی.




PM:03:22:11/07/2026