دەستەی نەزاهەی فیدراڵی،
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١١ی تەموزی ٢٠٢٦، لە زاری عەباس متەعەب، بەڕێوەبەری گشتیی
فەرمانگەی گێڕانەوە (استرداد) و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گێڕانەوەی
سەروەت و سامانی عێراق، ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی فراوانی بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی
نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە یاساییە بە
ئامانجی گێڕانەوەی ئەو سەروەت و سامانە داراییە زەبەلاحانەیە کە لە لایەن بەرپرسانی
پێشوو براونەتە دەرەوەی وڵات؛ لەگەڵ هێنانەوەی خودی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان بۆ بەردەم
دادگاکانی ناوخۆ، کە لە ئێستادا بەدواداچوونی چڕ بۆ گۆڕانکارییە یاساییەکانی ئەو دەوڵەتانە
دەکرێت.
سەبارەت بەو ئاستەنگە
نێودەوڵەتییانەی کە دێنە ڕێی ئەم پرۆسەیە، فەرمانگەی گێڕانەوە ڕوونی کردەوە کە کۆمەڵێک
دەوڵەت هەن کە بەهۆی بەرژەوەندیی تایبەت یان سیستمی یاسایی ناوخۆییانەوە، ئامادەی
هاوکاریی تەواو نین لەگەڵ بەغدا، چونکە یاساکانیان ڕێگا بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی
عێراق نادات.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە
زۆرجار وڵاتان لەبەر هۆکاری ئابووری یان بە پاساوی مرۆڤایەتی و مافی پەنابەری، پارێزگاری
لەو کەسانە دەکەن، بەو پێیەی گەندەڵکارەکە وەک پەنابەر لەوێ نیشتەجێ دەبێت. هەر بۆیە عێراق ناچار دەبێت پەنا بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ و دۆزینەوەی
میکانیزمی بەدیل ببات بۆ ڕازیکردنی ئەو دەوڵەتانە.
پێشتر دەستەی نەزاهەی
فیدراڵی ڕێککەوتنێکی گرنگی لەگەڵ نووسینگەی ناوەندیی نیشتمانیی ئینتەرپۆل لە بەغدا
واژۆ کردووە، کە ڕێگا بە دەستەکە دەدات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو سیستمی زانیارییەکانی
ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتییەوە؛ ئەمەش بە ئامانجی فراوانکردنی مەودای لێکۆڵینەوە
تاوانکارییەکان و بینینی زانیاریی سەرجەم داواکراوان.