سەرچاوەیەکی تایبەت لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە سپی ڕاگەیاند'' پڕۆسەی سەرکوت و پێشێلکارییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دژی هاوڵاتیانی کورد لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک ٢٩٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.''
سەرچاوەکەی ئەو حزبە ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا ٤٦ بەندکراوی کورد لەسێدارەدراون کە ٨ کەسیان زیندانیی سیاسی بوون، لەو ڕێژەیەش ٣٦ کەسیان تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە. هاوکات ٢٧ زیندانیی سیاسیی دیکە دادگایی کراون، کە سزای ئێعدام بەسەر ٦ کەسیاندا سەپێنراوە و ئەوانی دیکەش بە کۆی گشتی سزای ١٠٦ ساڵ و ٣ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا دراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، ٢٩٠ هاوڵاتی کورد کوژراون کە ٢٣یان منداڵ و ٢٤یان ژنن؛ لەوانەش ٢٨٤ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، دوو کەس لەژێر ئەشکەنجەدا و دوو کەسی تریش دوای دەستبەسەرکردن ئێعدام کراون. هەروەها ٥ هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە شارەکانی سنە، بیجاڕ و داڵاهۆ بە تەقەی سەرەڕۆیانە کوژراون، کە دووانیان دوو برای پەیڕەوی ئایینی یارسان بوون لە داڵاهۆ کە دوای چوار مانگ لە حەشارگەکەیاندا کراونەتە ئامانج.
هاوکات، لە پانتایی سنوورەکانیشدا، لانی کەم ٦ کۆڵبەر کراونەتە ئامانج کە ٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٤ کۆڵبەریش بریندار بوون. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی تەقینەوەی مین لە سێ حاڵەتی جیاوازدا لە دێهلوڕان و سەقز، دوو گەنج بە ناوەکانی (ڕەحیم حەمیدی و پەیمان ڕەحمانپوور) گیانیان لەدەستداوە و لاوێکی دیکەش لە سەوڵاوا بریندار بووە.
سەرچاوەکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونی کردەوە، لەم شەش مانگەدا نزیکەی ١٠ هەزار هاوڵاتی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ناڕەزایەتی دەستبەسەر کراون، کە تا ئێستا ناسنامەی ٨٦١ کەسیان (کە ٦٩یان ژنن) لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لە کوردستان پشتڕاست کراوەتەوە.