دوای ٢٤ کاتژمێر ٣ کەشتیاری عەرەب لە دارستانێکدا ڕزگاردەکرێن

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند'' مەفرەزەکانیان توانیویانە ٣ گەشتیاری بەڕەچەڵەک عەرەب و دانیشتووی خوارووی عێراق لە چیای سەگرمە ڕزگار بکەن، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەو چیایەدا گیروخوڵابوون.''

پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو گەشتیارانە بە مەبەستی سەیران سەردانی ناوچەی "کرپچنە"یان لە ناحیەی سەنگاو کردووە، بەڵام بەهۆی نەشارەزاییان لە ناوچەکە، لە چیای سەگرمە ڕێگەیان لێ تێکچووە و نەتوانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ناو ئاوەدانی.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ گەیشتنی زانیارییەکان، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی هاوبەشی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناوچەکە بەرەو چیای سەگرمە بەڕێکەوتوون و دوای گەڕانێکی چڕ، توانیویانە گەشتیارەکان بدۆزنەوە و لەدوای ٢٤ کاتژمێر لە گیرخواردنیان، بە سەلامەتی بەیەکەوە بیانگەڕێننەوە.



PM:11:41:11/07/2026