دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی ٣٧٥ کیلۆگرام زێڕی
لە دۆسیەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت ڕاگەیاند.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند، لە
چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دژ بە گەندەڵی، توانراوە بڕی ٣٧٥ کیلۆگرام زێڕ لە دۆسیەی (عەدنان
جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوفتن، بگەڕێنرێتەوە
بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەم هەنگاوە یاسایی و دادوەرییە لە دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی
ورد دێت لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و سپیکردنەوەی پارە لە
کەرتی نەوتی عێراقدا، کە یەکێکە لە گەورەترین دەستبەسەرداگرتنەکانی زێڕ و سامانی
قاچاخکراو لەم دواییانەدا.