وەزارەتی دەرەوەی ئێران: تا پێشێلکاری هەبێت پابەندی هیچ رێکەوتنێک نابین

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەموزی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی بۆ خوێنی رێبەری کوژراوی وڵاتەکەی و کوژراوانی دیکە کردەوە.

سەبارەت بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و ئەو هاونیشتمانییانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون، بەقایی وتی: "بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و خوێنخوازیی رێبەری شەهید، ئەسڵێکی جدی و داواکارییەکی گشتییە، وەزارەتی دەرەوە هەموو ئامرازە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانانە بەکاردەهێنێت".


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی کە بە بکوژی ئێرانییەکان ناوی بردن و وتی: "ئەوانەی هەزاران کەسیان لێ کوشتووین، ئێستا پۆزی مەزڵوومییەت لێدەدەن، بەڵام جیهان هەڵناخەڵەتێت و بکوژبوونی ئەوانی لەبیر ناچێتەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکان کرد و رایگەیاند، ئەمریکا پشوو درێژ نەبووە و کاری بە لێکتێگەیشتنەکان نەکردووە، بۆیە هیچ کەس ناتوانێت ئێران بە شکاندنی رێکەوتنەکان تۆمەتبار بکات، جەختیشی کردەوە کە "تاکو پێشێلکارییەکان بەردەوام بن، ئێمەش پابەندی هیچ رێکەوتنێک نابین".




AM:11:43:13/07/2026