نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی فالح زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بڕی ٣٥٨ کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراو ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە.''
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەسرور بارزانی، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە تاوەکو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ پێکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران کار بکەن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو هاوئاهەنگییەی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاراستنی سامانی گشتیدا، لە ماوەی ڕابردوودا توانراوە بڕێکی زۆر پارە، زێڕ و موڵک بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی. لە دوایین هەنگاویشدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٥٨ کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراویان ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی فیدراڵ کردووە.
نووسینگەی مەسرور بارزانی جەختی کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریکارییەکانی لەگەڵ بەغداد بۆ سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و برەودان بە دەستپاکی و سەروەریی یاسا.